تورکیا.. ژمارەی دانیشتوانی لە ساڵی 2019 زیاتر لە یەك ملیۆن زیادی كردووە

تورکیا.. ژمارەی دانیشتوانی لە ساڵی 2019 زیاتر لە یەك ملیۆن زیادی كردووە
ژمارەی دانیشتوانی توركیا لە ساڵی ٢٠١٩ زیادی كردووە، زیادكردنەكەش بە جۆرێكە كە حكوومەتی توركیا پێشبینی نەكردووە، بە گوێرەی تازەترین ئامار كە بڵاو كراوەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی توركیا لە كۆتایی مانگەكانی ٢٠١٩دا گەیشتووەتە ٨٣ ملیۆن و ١٥٤ هەزار و ٩٩٧ كەس.

دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، كە ژمارەی دانیشتوانی توركیا لە ٢٠١٩دا بە بەراورد بە ٢٠١٨ زیادی كردووە، زیادكردنەكەش یەک ملیۆن و ١٥١ هەزار و ١١٥ كەس بووە.

ئێستا ژمارەی دانیشتوانی توركیا، ٨٣ ملیۆن و ١٥٤ هەزار و ٩٩٧ كەسە، ئەم ژمارەیەش مایەی خۆشحاڵییە بۆ حكوومەتی توركیا.

لەو ژمارەیەی دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی ئاوارە سوورییەكان و ئەوانەی بە هەر هۆكارێك بێت بیانین و لە توركیا نیشتەجێن ناگرێتەوە، واتە ژمارەی دانیشتوانی توركیا بەبێ ئاوارە و بیانی گەیشتووەتە ئەو ئاستە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی دەزگای ئاماری توركیا، رێژەی پیاو لە توركیا ٤١ ملیۆن و ٧٢١ هەزار و ١٣٦ كەسە، رێژەی ئافرەتیش ٤١ ملیۆن و ٤٣٣ هەزار و ٨٦١ كەسە.

هەروەها لە ٢٠١٩ بە بەراورد بە ٢٠١٨ ژمارەی ئەو بیانییانەی بە هەر هۆكارێك بێت هاتوونەتە توركیا و ئیقامەیان وەرگرتووە، بە رێژەی ٣٢٠ هەزار و ١٤٦ كەس زیادی كردووە و بووەتە یەك ملیۆن و٥٣١ هەزار و ١٨٠ كەس.

ئیستانبۆڵ كە گەورەترین شاری توركیایە، لە ٢٠١٩دا ژمارەی دانیشتوانەكەی ٤٥١ هەزار و ٥٤٣ كەس زیادی كردووە، بەمەش ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە بووەتە ١٥ ملیۆن و ٥١٩ هەزار و ٢٦٧ كەس. دەبێت ئەوەش باس بكرێت كە رێژەی كورد لە توركیا زۆرترینی لە ئیستانبۆڵە كە بە ٥ ملیۆن كورد دەخەمڵێنرێت.

لە باكووری كوردستان كە سەر بە توركیایە، ژمارەی دانیشتوانی كورد لە زیادبووندایە، ئەگەرچی دەزگای ئاماری توركیا باس لەوە ناكات كە لەو ملیۆن و ١٥١ هەزار كەسەی لە توركیا زیاد بووە، چەندی بەر باكوور كەوتووە، بەڵام چەند میدیایەكی بێلایەن لە توركیا، باس لەوە دەكەن كە رێژەی دانیشتوانی كورد لە توركیا ساڵ بە ساڵ زیاد دەكات.

ئەوان باس لەوە دەكەن، كە كورد حەزی لە منداڵە، بەڵام تورك لە یەك بۆ ٢ منداڵ زیاتری ناوێت، ئەمەش وا دەكات لە باكوور رێژەی كورد زیاد بكات، بە تایبەت لە ئیستانبۆڵ كوردێكی زۆر هەیە و لە چەندین گەڕەكی ئەو شارەدا نیشتەجێن، كە دیارترینیان گەڕەكی غازی پاشایە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەردەوام لە میتینگەكاندا داوا لە خانەوادەی توركیا دەكات، كە ٤ منداڵیان ببێت تا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكەیان زیاد بێت.

چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسیش پێیانوایە، كە ئەردۆغان بۆیە داوای ٤ منداڵ دەكات، چونكە دەزانێت لە توركیا ژمارەی دانیشتوانی كورد لە زیادبوونە، نایەوێت لە داهاتوودا رێژەی كورد لە توركیا لە رێژەی هاووڵاتییان تورك نزیك ببێتەوە.











باسنيوز

Top