زەریف ناڕاستەوخۆ داوای دانوستاندن لە ئەمریکا دەکات

 زەریف ناڕاستەوخۆ داوای دانوستاندن لە ئەمریکا دەکات


وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕاستەوخۆ داوای دانوستاندن لە ئەمریکا دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دیپلۆماسییەت هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو و هەوڵەکانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.

محەمەدجەواد زەریف ناڕاستەوخۆ داوای دانوستاندنی لە ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، ”دانوستاندن کارێکی خراپ نییە، پاش هەموو شەڕێک دانوستاندن هەیە“.

ئەو لێدوانەی زەریف گۆڕانکارییەکی نوێیە لە هەڵوێستی ئێران، چونکە پێشتر بەرپرسانی ئێران بەردەوام دانوستاندنیان لەگەڵ ئەمریکا رەت دەکردەوە.

پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و کوشتنی قاسم سولەیمانی، بەرەو ئاڵۆزترین و خراپترین بارودۆخ چوون.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە، یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.








باسنيوز
Top