ترەمپ: ئەمریکا زۆر نزیکبو لە هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا شەوی رابردو وتاری ساڵانەی لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیدا پێشکەشکرد و رایگەیاند، "قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەورەترین تیرۆرستی جیهان و تونڕەوترین بەرپرسی رژێمی ئێران بوە، کە بە هەزاران ئەندامی هێزەکانی ئەمریکای کوشتون یاخود برینداری کردون".
سولەیمانی پلانی داڕشتبو بۆ جێبەجێکردنی هێرشی نوێ، هەروەک چۆن پێشتر هەزاران ژن و منداڵی بێتاوانی کوشتبو
ئاماژەی بەوەشکرد، "سولەیمانی پلانی داڕشتبو بۆ جێبەجێکردنی هێرشی نوێ، هەروەک چۆن پێشتر هەزاران ژن و منداڵی بێتاوانی کوشتبو، لەبەرئەوە فەرمانی من بۆ کوشتنی سولەیمانی زۆر رونبو، فەرمانم کرد لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی زۆر وردا بیکوژن".
سێی مانگی رابردودا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ لە بۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە بەغدا، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکەش کوژران.
ویلایەتە یەکگرتوەکان زۆر نزیک بو لە هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا، زۆر زیاتر لەوەی کە جیهان درکیان پێکردبو
دۆناڵد ترەمپ لە وتارەکەیدا باسی لەوەشکرد، "ویلایەتە یەکگرتوەکان زۆر نزیک بو لە هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا، زۆر زیاتر لەوەی کە جیهان درکیان پێکردبو".
هۆکاری هاتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ عێراق گەیاندنی نامەیەک بو بۆ حکومەتی عێراق
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "هۆکاری هاتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ عێراق گەیاندنی نامەیەک بو بۆ حکومەتی عێراق".
مەسجدی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی نامەکەی سولەیمانی کردوە و دەڵێت، "تاران پێشوازی لەهەڵوێستی عێراق دەکات بۆ نێوەنگیری نێوان ئێران و سعودیە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە و ناوچەکە".
لەنامەکەدا باس لەوەکراوە، "حکومەتی عێراق هەمیشە رۆڵی هەبوە لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تاران لەلایەن خۆیەوە پێشوای لە هەمو ئەو هەوڵانەی عێراق دەکات کە لەوبارەیەوە دەیدات".
خەندان-
