لە دوو رۆژدا 40 هەزار سڤیل لە ئیدلبەوە روویانکردووەتە سنوورەکانی تورکیا
بەپێی راپۆرتێک کە لە ئاژانسی فەرمیی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، لە كانوونى دووەمى 2019 بەدواوە ژمارەى ئەو كەسانەى لە ئیدلبەوە روويانكردووەتە سنوورەکانی توركيا، گەيشتە مليۆنێك و 677 هەزار كەس.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەى دوو رۆژدا بەهۆى هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر ئيدلب، 40 هەزار سڤيلى ديكە ئاوارەى ناوچەكانى سەر سنوورى توركيا بوون. كۆچكردن لە ناوچەكانى ئيدلب، ئەريحا، سەراقيب و جەبەل زاويە بۆ سەر سنوورى توركيا بەردەوامە.
ژمارەيەكى زۆرى ئاوارەكان روويان كردە كەمپەكانى سەر سنوورى توركيا، بەشێك لە ئاوارەكانيش روويانكردووەتە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
لەبارەی ئەو ئیدلبییانەی روویانکردووەتە سنوورەکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە سەختە بۆیان ئەو پەنابەرانەش وەربگرن، لە کاتێکدا نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری دیکەی سووری لە وڵاتەکەیاندان.
