سودان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە
دەوڵەتی سودان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە و دوو سەرکردەی باڵای هەردوو وڵات کۆ دەبنەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 4-2-2020، نەتانیاهۆ لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی سودان، کۆ بووەتەوە.
نووسینگەی نەتانیاهۆ هەروەها رایگەیاندووە، کە عەبدولفەتاح بورهان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی خەرتووم و تەل ئەڤیڤ نیشان داوە.
دیدارەکە، کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە مێژوویی ناوی بردووە، لە شاری عەنتیبی لە ئۆگەندا ساز کراوە.
دوای لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی سودان، سودان بەڕووی رۆژئاواوە کرایەوە و لایەنە سودانییەکانیش رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەروەری، تاوەکو ئامادەکاریی بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بورهان، کە فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای وڵاتەکەیە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە دەکات.
رۆژی 11-4-2019، سوپای سودان لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاند و بڕیاری زیندانیکردنی درا.
دوای لەسەرکار لادانی سەرۆکی وڵات، حزبەکەیشی لە دەسەڵات دوور خرایەوە و عومەر بەشیر و دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئەو حزبەش خرانە زیندانەوە.
باسنيوز
