سعودیە ژیانێکی شاهانە بۆ قوتابییە گەڕاوەکانی لە چین دابین دەکات
دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان لە چین، سعودیە بە فڕۆکەیەکی تایبەت، 10 قوتابیی وڵاتەکەی لە وهان گەڕاندەوە وڵات.
ئەو قوتابییانە بەپێی رێکارە پزیشکییەکان، دەبێ ماوەیەک لە خەڵکی داببڕێندرێن و چارەسەری تەندروستیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی تووشی ڤایرۆسەکە نەبوو.
بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە، 66 هاووڵاتیی عێراقی لە شاری وهان گیریان خواردووە و تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ گەڕاندنەوەیان.
هاووڵاتیانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرش دەکەنە سەر حکوومەتی عێراق، بەهۆی ئەوەی گرنگیی بە ژیانی هاووڵاتیانی خۆی نادات و لە وهان رزگاریا ناکات.
ژیان لە شاری وهان، کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بە تەواوی وەستاوە، کە تا ئێستا 362 کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە.
لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و تا ئێستا لە چەند وڵاتێک دۆزراوەتەوە، لە شاری وهان سەری هەڵدا.
باسنيوز
