ئەمریکا هەوڵدەدات سیستەمی دژەمووشەکی لە عێراق جێگیر بکات
مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، واشنتن هەوڵدەدات سیستەمی دژەمووشەکیی پاتریۆت لە عێراق دابنێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر بنکە سەربازی و سەربازەکانی بپارێزێت، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوەی، پێویستی بە مۆڵەت و رەزامەندی حکومەتی عێراقە.
مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکاش لەبارەی ئەو بابەتە قسەیکرد و رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی ئەو پرسە "لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکات"، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو پلانە رێکنەکەوتوون و دانوستانەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.
رۆژی 8ی ئەم مانگە ئێران لەکاردانەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە بەغدا، هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و لە ئەنجامدا 50 سەربازی ئەمریکی تووشی ترۆمای مێشک بوون.
