درێژترین تونێلی ماددەی هۆشبەر لەنێوان ئەمریکا و مەکسیک دۆزرایەوە
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، تونێلەکە زیاتر لە کیلۆمەترێک درێژە و لە باڵەخانەیەکی شاری تیخوانای مەکسیکەوە بۆ ناوچەی ساندیگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا درێژبووەتەوە.
ئاژانسی "پاراستنی سنوور و گومرگی ئەمریکا" بڵاویکردەوە، تونێلەکە سیستمی گواستنەوەی پێداویستیی لەرێگەی سکەی شەمەندەفەر، ئاڵوگۆڕکردنی هەوا، کێبڵی کارەبایی ڤۆڵتاجی بەرز، مەسعەد لە بەردەرگای تونێلەکە و سیستمی وشککردنەوەی تێدابووە.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، درێژیی تونێلەکە هەزار و 313 مەترە، مەترێک و 68 سانتیمەتر بەرزە، 61 سانتیمەتر پانە و 21 مەتریش لەژێر رووی زەویەوەیە.
لە ساڵی 2014یشدا تونێلێک لە سان دیێگۆ دۆزرایەوە کە 904 مەتر درێژبوو. ئەم تونێلانە بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لەنێوان مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەکاردەهێنرێن.
