هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق خۆی بەهێزتر دەکات

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق خۆی بەهێزتر دەکات
بەپێچەوانەی خواستی حەشدی شەعبی و شیعەکانەوە بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکاتیی ئەمریکا بەرنامەی وایە بەھێزتر دەربکەوێتەوە و دەست لە ھاوکاریکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە ھەڵنەگرێت.

بە پشتبەستن بە بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی ھێزە بیانیەکان، لایەنە شیعەکان گوشارەکانیان لەسەر حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە زیاترکردووە و لای ئەوان پاشەکشە لەو پرسە نییە و درووشمی "دەرچن لە عێراق" ناگۆڕن. بەو پێیەی وەک دەڵێن، ئێستا ھێزەکانی عێراق بۆ کۆتاییھێنانی یەکجارەکی بە داعش، پێوستیان بە ھاوکاریی کەس نییە.

سەباح عگێلی، پەرلەمانتاری سائیروون دەڵێت، "ئەمریکا دەستیان بەسەر ئاسمانی عێراقدا گرتووە و ئەمەش پشتڕاستکراوەیە کاتێک فڕۆکەی ئیسرائیلی لە ئاسمانی عێراقدا دەسووڕێتەوە بەبێ ئەوەی کەس وەڵامی ھەبێت و بەرگری بکات. بۆیە رێککەوتن یان کارێکی ھاوبەش سوودی چییە کاتێک ھێزەکانی ئەمریکا بە ئارەزووی خۆیان بۆردوومان دەکەن و ئاسمانیان بە روودا کراوەیە؟ ئەوان بەو شێوازە دژی گەلی عێراق ھەڵسوکەوت دەکەن".

ھەولێر و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ناکۆکن و وەزارەتی پێشمەرگە ھۆشداری لە بەھێزبوونەوەی داعش دەدات. بۆ ئەوەش مانەوەی ھاوپەیمانیی نێودەڵەتی بە گرنگ دەزانێت تاوەکو لەڕێگەی ھاوکاری و پاڵپشتیی ئەوانەوە کۆتایی بە جموجۆڵی داعش بهێنن.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکانی ھێزی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، "ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا داعش لە ناوچەکەدا چالاکیی ھەیە و ماوە و لەناونەچووە. ھەروەھا بۆ ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقیش مانەوەی ئەوان لە عێراق و کوردستان گرنگە".

لە 15ی حوزەیرانی 2014دا ھاوپەیمانیی نێو دەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێکھێنرا و لەسەر داوای حکومەتی عێراق شەری داعشیان دەست پێکرد. دوای نزیکەی شەش ساڵ، بەبێ گەڕانەوە بۆ کورد و سوننە. شیعەکان لە پەرلەمانەوە حکومەتی عێراقیان پابەندکردووە بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنە.
Top