ترەمپ: کاتی هاتووە جیهانی ئیسلامی جارێکی دیکە هەڵە نەکات و دان بە ئیسرائیلدا بنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە بۆ راگەیاندنی رێککەوتنەکە بۆی سازکراوە گوتی، ئەمڕۆ ئیسرائیل هەنگاوێکی گرنگ بەرەو ئاشتی دەنێت، ئۆرشەلیم (قودس) دەبێتە پایتەختێکی دابەشنەکراوی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانیش نابێت خۆیان بخەنە نێو تووندڕەوی و تیرۆر.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، کار لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین دەکەن لە کاتێکی گونجاودا و ئەگەر فەلەستینییەکان قبووڵی بکەن قودسی رۆژهەڵات پایتەختی فەلەستین دەبێت.
ترەمپ نەخشەیەکی نوێی بۆ سنووری ئیسرائیل و فەلەستین داناوە و بەگوتەی خۆی، ئەو خاکەی بۆ فەلەستین لە نەخشە نوێکەدا دیاریکراوە دوو هێندەی ئەوەی ئێستا دەبێت.
بەشێکی پلانی رێککەوتنی سەدە ئابوورییە، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی، "پێشنیازەکەی ئێمە ملیۆنێک هەلی کار لە فەلەستین دەڕەخسێنێت... ئەگەر ئەو وڵاتە ئاشتی هەڵبژێرێت، بەبڕی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە فەلەستین دەکرێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا هەر یەکە لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکاش سوپاسی بەحرەین، عومان و ئیماراتیان کرد کە رۆڵی باشیان لە رێککەوتنەکەدا گێڕاوە.
بنیامین نەتەنیاهۆ سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد و بە "باشترین هاوڕێی ئیسرائیل کە تاوەکو ئێستا لە کۆشکی سپی بووبێت" ناوی برد، هاوکات گوتیشی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوولەکە بنرێت.
سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنەکە بە دەرفەتی کۆتایی فەلەستین ناوبرد بۆ بوونە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و گوتی "رێککەوتنی ئەمڕۆ هەلێکی مێژووییە بۆ فەلەستینییەکان تاوەکو لەکۆتاییدا ببنە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەوەش دوای 70 ساڵ لە بەرەوپێشچوونێکی کەم، ئەمەش لەوانەیە کۆتا دەرفەت بێت کە بۆ هەمیشە هەیانبێت".
راگەیاندنی رێککەوتنەکە چاوەڕوانی کاردانەوەکانی فەلەستینە، هەرچەندە پێشتر مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین رایگەیاند، رێککەوتنەکە رەتدەکەنەوە و ئاماژەی بەوەشکرد "رەتیکردووەتەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵگرێت".
