بەشی دووەمی رێککەوتنی سەدە رادەگەیێندرێت

بەشی دووەمی رێککەوتنی سەدە رادەگەیێندرێت
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد، بڕیارە رۆژی سێشەممە بەشی دوووەمی رێککەوتنی سەدە رابگەیێندرێ، دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، هەوڵدەدات کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەربکات تاوەکو ئارامی، ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی سەدەی بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و لەبارەی پەیوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل گوتی "پەیوەندییەکانمان هەرگیز بەم شێوەیە باش نەبوون".

ئەم پلانە بەشی دووەمی رێککەوتنی سەدەیە کە دۆناڵد ترەمپ بەنیازە لە رێگەیەوە ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین نەهێڵێت؛ بەشی یەکەمی رێککەوتنەکە زیاتر تایبەتبوو بە بواری ئابووری، لە 22ی حوزەیرانی 2019 لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڵاوکرایەوە.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بەرپرسانی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین بە پلانەکە رازی دەبن، دۆناڵد ترەمپ گوتی "رەنگە لە سەرەتادا پەسندی نەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا هەر پەسندی دەکەن".

هاوکات بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی دۆناڵد ترەمپی کرد و بە "باشترین هاوڕێی ئیسرائیل" ناویبرد و گوتی "رێککەوتنی سەدە هەلی سەدەیە و لەدەستی نادەین".

لەلایەکی دیکەوە میدیاکان باس لەوە دەکەن، لەکاتێکدا بڕیارە کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە 28-1-2020 پلانی ئاشتی ناسراو بە "رێککەوتنی سەدە" راگەیێنێت، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین رەتیکردووەتەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵگرێت.

زۆر لە ئیدارەکانی ئەمریکا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی زیاتر لە نیو سەدەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیان دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ئێستاش چاوەکان لەسەر هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی ئەم ئیدارەیە تەنیا لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە پشتگیرییان لێ دەکرێت و فەلەستینییەکان رەتیان دەکەنەوە.
Top