16 وڵات سەرکۆنەی کوشتن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی عێراق دەکەن

16 وڵات سەرکۆنەی کوشتن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی عێراق دەکەن
خۆپێشاندانەکانی عێراق کە لە 24ـی مانگەوە بە گڕوتینێکی زیاترەوە دەستیان پێکردەوە، گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، 16 وڵاتیش لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێز دژی خۆپێشاندەران دەکەن.

باڵیۆزانی هەر یەکە لە کەنەدا، کرواتیا، کۆماری چیک، فنلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، رۆمانیا، ئیسپانیا، سوێد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دۆخی خۆپێشاندانەکانی عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەت گولـلە بەرامبەر خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکان بەکاردەهێنێت.

لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی ئەو 16 وڵاتەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی حکومەت دڵنیایی داوە، بەڵام هێزە چەکدارەکان لە بەغدا، ناسریە و بەسرە گولـلەیان دژی خۆپێشاندەران بەکارهێناوە و بەهۆیەوە چەندین کەسی مەدەنی کوژراون و برینداربوون، هەندێک خۆپێشاندەریش رووبەڕووی تۆقاندن و رفاندن بوونەتەوە.

باڵیۆزانی ئەو وڵاتانە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن رێز لە ئازادی خۆپێشاندان و گردبوونەوە بگرن و مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە بپارێزن هەر وەک چۆن لە دەستووری عێراقدا هاتووە. هاوکات داواش لە خۆپێشاندەران دەکەن بە ئاشتییانە خۆپێشاندانەکانیان بەڕێوەببەن.

بەگوتەی باڵیۆزی ئەو وڵاتانە لە خۆپێشاندانەکانی عێراق کە لە 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیان پێکرد، زیاتر لە 500 کەس کوژراون و هەزاران کەس برینداربوون، داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەن گەرەنتی بدەن کە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەکەن.

لەگەڵ بانگەوازی سەدر بۆ خۆپێشاندان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکە لە رۆژی هەینی رابردوو 24-1-2020، خۆپێشاندانەکان لە گۆڕەپانی تەحریریش گڕوتینێکی زیاتریان تێکەوت، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەیەک بوو بەهۆی "بێئومێدبوونی" خۆپێشاندەرانەوە بەشێکی زۆری خۆپێشاندەران گۆڕەپانەکەیان بەجێهێشتبوو.

پلانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق وابوو، تاوەکو کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممە کۆتایی بە خۆپێشاندانەکانی تەحریر بهێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە تەحریر.
Top