لافاو دیسان چەند ناوچەی بەلووچستانی ئێرانی گرتەوە

لافاو دیسان چەند ناوچەی بەلووچستانی ئێرانی گرتەوە
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا دیسان شەپۆلێک بارانی بەخوڕ پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێرانی گرتووەتەوە و و ئەمەش بووەتە هۆی داخرانی پێنج ڕێگای سەرەکیی ئەو پارێزگایە.

لەمبارەوە عەباسعەلی ئەرجومەندی، بەڕیوەبەری نووسینگەی قەیرانەکانی بەلووچستان بە ماڵپەڕی (ئیرنا)ی ڕاگەیاندووە: "بەهۆی بارانی بەخوڕ و هەستانی و تەقینی لافاو ڕێگا "کەنارەک بۆ جاسک، دێلگان بۆ ئێرانشار، فەنووج بۆ کەتیج، ڕەمشت بۆ دێلگان و زەهەلکووت میل‌نادر بۆ سفیدئابێ" بەهۆی هەڵچوونی ئاو و لادان لەرێڕەو، ئەو ڕێگایانە داخراون و گرفتی هاتوچۆ بۆ ئەو شارانە و سەدان گوند دروست بووە.

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، زیاتر لە 60 میلی‌مەتر باران باریوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئێرانیش بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک و لێقەوماوانی ئەو لافاوە، ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەتە بەر و خەڵک و بەتایبەت گوندنشینانی ئەو ناوچانە لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بە دەیان گوند چۆڵ کراون و خەڵک لەم سەرمای زستانەدا بێ لانە و بێ دەرەتانن.

شەپۆلی بارانی بەخوڕ و هەستانی لافاو ماوەی سێ هەفتەیە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی گرتووەتەوە و بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران ئاستی ئەو لافاوە سێ بەرانبەری ئاستی لافاوەکەی پاریزگای گولستان لە باکووری ئیران بووە.











باسنيوز


Top