وەزارەتی دەرەوەی کوێت بەهۆی سولەیمانییەوە باڵوێزی ئێران بانگهێشت دەکات
وەزارەتی دەرەوەی کوێت بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتەکەی، بانگهێشت دەکات.
رۆژی هەینی 24-1-2020، محەمەد ئێرانی، باڵوێزی ئێران لە کوێت سەردانی وەزارەتی دەرەوەی کوێتی کردووە و لەگەڵ خالید جاروڵڵا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
خالید جاروڵڵا نیگەرانی و ناڕەزایی وڵاتەکەی بەهۆی لێدوانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بە باڵوێزی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
پێشتر ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی پاسداران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ-9 لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی سالم لە کوێت بەرەو بەغدا هەڵفڕی و قاسم سولەیمانی کوشت.
وەزیری دەرەوەی کوێت لە کۆبوونەوەکەدا، بە تەواوی رەتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی بەشدار بووبێ لە پلانی کوشتنی قاسم سولەیمانی و داواشی لە محەمەد ئێرانی کردووە داوا لە بەرپرسانی وڵاتەکەی بکات روونکردنەوە لەو بارەیەوە بدەن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
