گرووپێک دەستگیرکران کە 10 هەزار کوردیان گواستووەتەوە بەریتانیا

گرووپێک دەستگیرکران کە 10 هەزار کوردیان گواستووەتەوە بەریتانیا
پۆلیسی فەرەنسا و هۆڵەندا 23 کەسیان دەستگیرکرد، ئەوەش بە تۆمەتی یارمەتیدانی نزیکەی 10 هەزار کورد بۆ ئەوەی بپەڕنەوە بەریتانیا.

ئاژانسی "یورۆجەست"ـی یەکێتیی ئەوروپا بڵاویکردەوە، ئەو گرووپە یارمەتیی کوردەکانیان داوە بپەڕنەوە بەریتانیا، ئەوەش لەرێگەی گواستنەوەیان بە لۆری و بەلەمی لاستیکیی بچووک.

یورۆجەست ئاماژە بەوە دەکات، 19 کەس لە ئەندامانی گرووپەکە لە فەرەنسا و چوار کەسەکەی دیکەشیان لە هۆڵەندا دەستگیرکراون.

ئاژانسەکەی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای یەکێتیی ئەوروپا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەرپرسانی فەرەنسا چەند کەسێکیان بینیوە ئۆتۆمبێلەکانیان تابلۆی ژمارەی هۆڵەندایان پێوەبوو، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە.

دواتر یورۆجەست فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو 23 کەسە دەرکرد و هەموویان دەستگیرکران.

یورۆجەست دەڵێت، کۆچبەرەکان لە شوێنە جیاوازەکانی فەرەنساوە بە یارمەتیی ئەو گرووپە گوازراونەتەوە بەریتانیا و هەریەکەشیان لەبەرامبەر گواستنەوەیدا حەوت هەزار یۆرۆی لێوەرگیراوە.
Top