ئەردۆغان: تەنیا ستافێکی راهێنانمان بۆ لیبیا ناردووە

ئەردۆغان: تەنیا ستافێکی راهێنانمان بۆ لیبیا ناردووە
لەکاتی گەڕانەوەی لە بەرلینەوە بۆ ئەنقەرە، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی لەبارەی ناردنی سەرباز بۆ لیبیا کە بووەتە رۆژەڤی تورکیا و ناوچەکە دایەوە و رەتیکردەوە سەربازیان بۆ ئەو وڵاتە ناردبێت.

یەکێک لەو بابەتانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵوەستەی لەسەر کرد گرژییەکانی لیبیا بوو کە بابەتی سەرەکیی لووتکەی بەرلین بوو، ئەردۆغان رایگەیاند "ئەو هەنگاوانەی لە پرسی لیبیا نامان هاوسەنگییەکی دروستکرد، هەم لە گۆڕەپاندا و هەمیش لە سەر مێزی گفتوگۆ بەردەوامدەبین لە پاڵپشتیکردن لێی و تورکیا کلیلی ئاشتەواییە".

لەبارەی ناردنی سەرباز بۆ لیبیا سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد "پێمانگوتوون کە ئێستا سەرباز نانێرین، تەنیا ستافێکی راهێنەرمان بۆ راهێنانە سەربازییەکان ناردووە و تەواو".

ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە خەلیفە حەفتەر گرت و گوتی "واژۆنەکردنی دەقی رێککەوتننامەکە لەلایەن حەفتەرەوە مانای خۆی هەیە".

سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها لەبارەی بۆردوومانی ئیدلب ناڕەزایی نیشاندا و باسی لە قوربانییەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی کۆچدەکەن و شارەکە جێدەهێڵن لە مەرگ رادەکەن.
Top