ماکرۆن: چەکدارە سوورییەکان لە لیبیا سەرئێشە بۆ هەمووان دروست دەکەن

 ماکرۆن: چەکدارە سوورییەکان لە لیبیا سەرئێشە بۆ هەمووان دروست دەکەن


سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، کە چەکدارە سوورییەکان لە لیبیا سەرئێشە بۆ هەمووان دروست دەکەن.

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەی بەرلین بۆ ئاشتەوایی لەلیبیا رایگەیاندووە، نیگەرانە لەبارەی ناردنی چەکدارە سوورییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا.

ئیمانویڵ ماکرۆن بەبێ ناوهێنانی تورکیا، داوای کردووە ناردنی ئەو چەکدارە سوورییانە رابگیرێت، چونکە ”ئەوانەی وادەزانن بە ناردنی ئەو چەکدارانە دەستکەوتێک بەدەست دەهێنن، نازانن چ مەترسییەک بۆ خۆیان و هەمووان دروست دەکەن“.

رۆژی پێنجشەممە 2-1-2020، پەرلەمانی تورکیا رەامەندیی لەسەر داوای ناردنی هێزی سەربازیی تورکیا بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی ویفاقی لیبیا، دا، کەرەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا داواکەی لە پەرلەمان کردبوو.

بەپێی زانیارییەکان، تورکیا گرووپە چەکدارییە تورکمانەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریای بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی لیبیا، ناردووەتە تەڕابلوس.

تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەڕێوە دەبرێت، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.

وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.




باسنيوز
Top