ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات: بۆ دانووستاندن لەگەڵ سووریا ئامادەین
ئەمڕۆ (شەممە 2-11-2019) ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی سووریا دووپاتکردەوە.
مەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا وەڵامی قسەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەداتەوە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو باسی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانی کردبوو.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا رایدەگەیێنێت، ئەوان بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە ئامادەن دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی سووریادا بکەن، لەسەر بنەمای نیشتمانی و سەروەری یەکێتیی خاکی سووریا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەگەر حکومەتی سووریا لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رازیبێت، ئەوا ئەوانیش رێز لە بۆچوونەکانی ئەوان دەگرن و ئامادەی هەموو دانووستاندنێک دەبن.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات پشتیووانی لە لێکتێگەیشتنی سەربازیی لەنێوان هەسەدە و هێزی سەربازیی سووریا بە سەرپەرشتی رووسیا دەکات و بە دەستپێکی هەبوونی متمانەی دەزانێت و پێیوایە کە رێگە لەو بۆچوونە هەڵانە دەگرێت کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مەبەست لێی جیابوونەوەیە لە سووریا.
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمی سووریا رایگەیاندبوو، کە داواکارییەکانی پێکهاتەی کورد دەبێت لە جوداخوازی جیابکرێتەوە و لە گەڕانەوەی دەوڵەت دەبێت پێکهاتەی کورد لەبەرچاوبگیرێت.
بەشار ئەسەد هاوکار رەخنەی لە هەسەدە گرت و گوتی: "بەشێکی کورد سیخووڕبوون و پشتیان بە ئەمریکا بەست".
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەیدا بەشار ئەسەد رایگەیاندبوو، کە ئەو دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی سووریادا دەسەپێنیت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەبێت.
