هەسەدە بۆ رژێمی سووریا: ئێمە باشترین سەربازی پاڵەوانی سووریاین

 هەسەدە بۆ رژێمی سووریا: ئێمە باشترین سەربازی پاڵەوانی سووریاین


رژێمی سووریا پەیامێک بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەنێرێت و هەسەدەش رایدەگەیەنێت، لە شەڕڤانەکانی ئەوان، ”باشترین سەربازی سووریا بوون“.

رۆژی چوارشەممە 30-10-2019، وەزارەتی بەرگریی رژێمی سووریا لە پەیامێکدا، داوای لە هەسەدە کرد ببێتە بەشێک لە سوپای عەرەبیی سەر بە رژێمی سووریا و لە وەڵامی ئەو پەیامەشدا، هەسەدە داوای کرد تایبەتمەندیی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت.

هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا، وەڵامی پەیامەکەی رژێمی سووریای داوەتەوە و رایگەیاندووە، هەموو هەوڵێک ”بۆ یەکخستنی سیستەمی بەرگریی سووریا بەرز دەنرخێنێت“ و بە پێویستی دەزانێ رێکارێکی باش بۆ یەکخستنی دەزگای سەربازیی سووریا دابنرێت.

هەسەدە لە راگەیەندراوەکەیدا، کە تێیدا هیچ ئاماژەی بە کورد و رۆژئاوای کوردستان نەکردووە، بە شانازییەوە باس لە سووریاییبوونی خۆیان دەکات، ”بە درێژایی ئەو چەند ساڵە، ئێمە باشترین سەربازە پاڵەوانەکانی سووریا بووین، کە شەڕی دژی داعشمان کرد و لەناومان برد“.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.


باسنيوز
Top