ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژەیاسای سزادانی توركیای پەسند كرد

 ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژەیاسای سزادانی توركیای پەسند كرد
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، پڕۆژەیاسای سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر توركیادا پەسند كرد، ئەمەش دوای ئەوەی توركیا هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد، هەوڵەكانی ئەندامانی كۆنگرێس لەو ڕوەوە چڕ كرایەوە بۆ سزادانی توركیا.

ماڵپەڕی (T24)ی توركی، ئەمڕۆ٣٠ی١٠ی ٢٠١٩ ئاشكرای دەكات، ٢٢٦ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەنگیان بۆ سەپاندنی سزادانی ئابووری بەسەر توركیا داوە و ئەو ئەندامانەی كۆنگرێسیش لە پڕۆژەیاسایەكەدا توركیا تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئەمریكای نیگەران كردووە، بەوەی كاتێك لە هێرش بۆ سەر رۆژئاوا پەلاماری هاوپەیمانەكەیانی داوە كە ئەویش یەپەگەیە.

بە گوێرەی یاسای ئەمریكا، دوای ئەوەی پڕۆژەیاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی تێپەڕی، پێویست دەكات رەوانەی ئەنجومی پیران بكرێت، لەوێش دەنگی لەسەر دەدەرێت و پێویست دەكات ٥٠+١ی کۆی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.

كاتێك لە كۆنگرێسیش تێپەڕی، ئەوكات پڕۆژەیاسەكە واژۆ و پەسندكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای پێویستە.

سزا ئابوورییەكان لەو پڕۆژەیاسایەدا هەموو بوارەكان دەگرێتەوە، بەتایبەت كەرتی سەربازی و دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بەرپرسانی توركیا، وەكوو رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و و وەزیرەکانی دارایی، داد و بازرگانی.






باسنيوز
Top