ترەمپ سزاکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکەی لەسەر تورکیا هەڵگرت

ترەمپ سزاکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکەی لەسەر تورکیا هەڵگرت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان کرد، رایگەیاند، لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ قسەیکردووە و دڵنیای کردووەتەوە کە داعشە هەڵاتووەکان دەستگیردەکرێنەوە. راشیگەیاند سزاکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکەی لەسەر تورکیا هەڵگرتووە.

لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر تورکیا بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی پێکهاتەکان جێبەجێ نەکات سزای تووندی بەسەردا دەسەپێنێت. گوتی ئێستا "سزاکانی سەر تورکیامان لابردووە، مەگەر شتێک رووبدات کە ئێمە بەدڵمان نەبێت".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە سووریا دەمێننەوە و پارێزگاری لە کێڵگەنەوتییەکان دەکەن. نەوتەکە لەلای ئەوانە و ئەوان بڕیاری لێدەدەن لە داهاتوودا چی لێبکەن.

بە گوتەی ترەمپ، تورکیا و سووریا و هەموو کوردەکان لەو ناوچەیە چەندین دەیەیە شەڕ دەکەن، ئەوان کارێکی گەورەیان لەو ناوچەیە ئەنجامداوە بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە و ئێستاش کاتی ئەوەیە بکشێینەوە.

ترەمپ رێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیا وەکو دەرفەت و کارێکی نایاب بۆ شەڕڤانان وەسفدەکات، دەڵێت، دەرفەتێکی پێدان تاوەکو لەو ناوچەیە بۆ ناوچەیەکی دیکە بکشێنەوە کە دەتوانن لەوێوە بە ئاراستەیەکی دیکە بەردەوام بن. هەر لە ئاکامی ئەو گفتوگۆو و رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا ژیانی هەزاران کەس پارێزراوە.

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ رایگەیاند، زۆر سوپاسگوزار بووە بۆئەوەی ئەمریکا بۆی کردوون و بەڵێنیشی داوە داعشە هەڵاتووەکان دەستگیردەکرێنەوە و کۆنترۆڵی زیندانەکانیش دەکەن.

ترەمپ دەشڵێت، ئەگەر تورکیا شتێک بکات بەدڵیان نەبێت، بەشێک لە سزاکانی لەسەر پۆڵای تورکیا دەبێت کە زۆر تووند دەبن و لە هەموو کاتێک قورستر دەبن، تورکیا دەبێت دڵنیاییان لەبارەی داعش پێبدات.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گلەیی لەوانە کرد ئەمریکایان هێناوەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی "هەشت تریلیۆن دۆلارمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرجکردووە و هێشتا سەقامگیری لەو ناوچەیە کەمترە. ئەو قۆناخێکی نوێی بۆ ئەمریکا هەڵبژاردووە".
Top