سەرەتای 2020 پارتێكی نوێ بۆ ركابەری ئەردۆغان دروست دەبێت

 سەرەتای 2020 پارتێكی نوێ بۆ ركابەری ئەردۆغان دروست دەبێت


بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2020 پارتێكی تازە لە توركیا دروست ببێت و ئەو پارتەش دەیەوێت وەكوو جێگیرەوەی ئاكەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغان بێتە ناو مەیدانی سیاسەت و نووسەرێكی توركیاش ئاشكرای دەكات، عەبدوڵا گویل هاوكارێكی سەرەكیی ئەو پارتە دەبێت.

فاتیح ئاڵتایلی نووسەری دیاری رۆژنامەی (خەبەر تورك)، لە نووسینێكدا كە ئەمڕۆ ٢٢ی١٠ی٢٠١٩ بڵاوی كردوەتەوە، باس لە دروستبوونی پارتە تازەكەی عەلی باباجان دەكات، كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا رای دەگەیەنێت.

ئاڵتایلی لە نووسینەكەیدا ئاماژەی داوە، بەهۆی ئەوەی توركیا لەم ماوە نزیكەدا ناچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، بۆیە باباجان بڕیاری دا لە سەرەتای ٢٠٢٠ پارتە تازەكەی رابگەیەنێت.

ئەو دەنووسێت: "عەبدوڵا گویل ١١هەمین سەرۆك كۆماری توركیا، پاڵپشتییەكی جیدیی ئەو پارتە تازەیەی باباجان دەبێت، بەڵام هیچ بەرپرسیارەتییەك وەرناگرێت، بەڵكوو لە دوورەوە راوێژی پێ دەكرێت و رێنمایی دەداتە باباحان".

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراونەتەوە، باباجان دەیەوێت لەڕێگەی پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی تۆكمەی ئابوورییەوە، سەرنجی خەڵك بۆ لای خۆی رابكێشێت و ببێتەوە جێگیرەوەی ئاكەپە.

عەلی باباجان پێشتر لەسەر لیستی ئاكەپە جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بووە، هەروەها وەزیری دارایی و ئابووری بووە و یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی ئاكەپە و بە باوكی ئابووریی ئاكەپەی دادەنێن.







باسنيوز
Top