ماکرۆن لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە گفتوگۆ لەگەڵ پوتین دەکات

 ماکرۆن لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە گفتوگۆ لەگەڵ پوتین دەکات


سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک کۆماری رووسیای فیدڕال دەکات.

بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزی)، ئیمانویڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا، کردووە.

هەروەک ئێلیزی رایگەیاندووە، لەو پەیوەندییەدا، ئیمانوێڵ ماکرۆن و ڤلادیمێر پوتین باسیان لە گرنگیی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان کردووە، کە کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 22-10-2019 کۆتایی دێت.

ئیمانوێڵ ماکرۆن لە پەیوەندییەکەیدا، جەختی لەسەر چارەسەری سیاسی بۆ رەوشی رۆژئاوای کوردستان و سووریا وەک باشترین بژارە، کردووە.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 22-10-2019، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەسەر بانگهێشتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی 120 کاتژمێر، بۆ ئەوەی رێگا بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان بدرێ، لە سنووری تورکیا بکشێتەوە.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.


باسنيوز
Top