ئۆپۆزسیۆنی توركیا خۆی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ئەردۆغان ئامادە دەكات
پارتی گەلی كۆماری JHP)) سبەی یەکشەممە لە ئیستەنبۆڵ كۆبوونەوەیەكی زۆر گەورە ئەنجام دەدات، كە ئامانجی كۆبوونەوەكە چۆنیەتیی ئامادەكردنی پارتەكەیانە بۆ وەرگرتنی كورسیی دەسەڵات لە توركیا، چونكە وەكوو ئەوەی بەرپرسێكی ئەو پارتە ئاماژەی بۆ دەكات، جەهەپە هەنگاوی بەرەو وەرگرتنی دەسەڵات ناوە و ئیدی وەكوو ئۆپۆزسیۆن نامیێنێتەوە.
جانان كەفتەنجیئۆغلو بەرپرسی لقی جەهەپە لە ئیستەنبۆڵ، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی كە ئەمڕۆ ١٩ی١٠ی٢٠١٩ بڵاو كراوەتەوە، باس لە كۆبوونەوەیەكی گەورەی پارتەكەی دەكات لە ئیستەنبۆڵ.
كەفتەنجیئۆغلو ئاشكرای دەكات، لە كۆبوونەوەكەی بەیانیدا٧٠٠ كەسایەتی بەشداری دەكات، كە بەشێكی زۆری ئەو كەسایەتییانە پێشتر بەرپرسیارییەتیان هەبووە لە توركیا و بۆچوون و نەخشەڕێگای چۆنیەتیی چوونە دەسەڵات گفتوگۆی سەرەكی ئەو كۆبوونەوەیەدا دەبێت.
ئاماژەی بەوەش داوە: "جەهەپە هەنگاو بەرەو چۆنیەتیی وەرگرتنی كورسیی دەسەڵات دەنێت لە توركیا، چونكە ئاستی جەماوەریی ئەو پارتە بەردەوام لە هەڵكشانە و بیركردنەوە لە چۆنیەتیی وەرگرتنی دەسەڵات گرنگە و پێویستیشیان بە پێشنیاری شارەزایان هەیە".
ئەو لەبارەی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان گوتی: "دەسەڵات سیاسەتی دەرەوەی بە شێوەیەكی زۆر پراگماتێك بەڕێوە دەبات، ئەمەشی تەنیا بۆ كاریگەریی خۆیەتی لەسەر سیاسەتی ناوخۆ. ئاكەپە لە پشتەوەی دەرگا رێككەوتنی زۆر نهێنیی ئەنجام دەدات كە كەس ئاگای لێی نییە و بڕیارەكانیش بەردەوام بە تەنیا دەدات و ئێمە بەردەوام گوتوومانە پێویستە توركیا لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد راستەوخۆ گفتوگۆ بكات نەك لەگەڵ لایەنی دەرەوەی ئەسەد".
باسنيوز
