سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 23-10-2019، سەردانی رووسیا دەکات
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وادەی سەردانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بۆ کۆماری رووسیای فیدڕال، ئاشکرا دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 23-10-2019، سەردانی رووسیا دەکات و لە شاری سوچی لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کۆ دەبیتەوە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی ڤلادیمێر پوتین، سەردانی رووسیا دەکات.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، ئەردۆغان و پوتین تاوتوێی سێ تەوەر دەکەن، کە بریتین لە؛
- بارودۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان
- پرۆسەی سیاسی لە سووریا
- شەڕی دژی تیرۆر
ئەو سەردانەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ رووسیا دوای هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دێت.
رۆژی 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
