پێنجشەممە جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە
هاوکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای ئاگربەستی نێوان تورکیا و هەسەدە ـی کرد و بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "بەهێزترین سزا کە بەخەیاڵتاندا بێت دەخەینە سەر تورکیا".
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، مایک پێنس بە نوێنەرایەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەچێتە ئەنقەرە و کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامدەدات.
مایک پێنس بە سەرۆکایەتی شاندێک دەچێتە ئەنقەرە، کە پێکهاتوون لە: مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆبێرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا و جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سووریا.
لە کۆبوونەوەکەدا پێنس، جەخت لە سووربوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و گەیشتن بە رێککەوتن لەڕێگەی گفتوگۆوە دەکات.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سووربوونی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر تورکیا دەکات تاوەکو ئەو کاتەی دەگەنە دەرئەنجامێک.
ئەو سەردانە، یەکەم سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بۆ تورکیا لەو کاتەوەی لە پۆستەکەی دەستبەکاربووە.
ئەمریکا هەروەها دەیەوێت دڵنیابێت لە سەلامەتی خەڵکی سڤیل، ئاسایشی ناوچەکە و مانەوەی بەندکراوانی داعش لە زیندانەکاندا.
