ئیسپانیا فرۆشتنی چەک بە تورکیا دەوەستێنێت
ئیسپانیا دەڵێت، هێرشەکەی تورکیا بۆ باکووری سووریا ژمارەی کۆچبەران زیاددەکات و پێشێلی سەروەری خاکی سووریایە.
دوێنێ، وەکو سزایەک لەبەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هەر 28 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ، رێککەوتن فرۆشتنی چەک بە تورکیا رابگرن.
حەوت رۆژە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، دوای پشتتێکردنی ئەمریکاش هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بڕیاریدا لەگەڵ سووریا بە چاودێری رووسیا رێکبکەون.
دوای ئەو رێککەوتنە، هێزەکانی سووریا بەردەوامن لە هەڵکشان بە ئاراستەی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، تورکیا هێرشدەکاتە سەر رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، بە رێککەوتنێکی "قێزەون" ناوی دەبات.
شەوی رابردووش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و باسیان لە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش و وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان کردووە.
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 14-10-2019 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و هەروەها چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لەلایەن هەسەدە کردووە.
هاوکات، ترەمپ هەر هەمان رۆژ پەیوەندی بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیاشەوە کردووەو پێی راگەیاندووە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەستکەوتەکانی شەڕی داعشی خستووەتە مەترسییەوە و هەروەها لە کۆتاییدا سوود بە ئێران دەگەیێنێت.
دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە و بەڵێنی ترەمپ بۆ پاراستنی کۆبانێ، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "ئاسمانی باکووری سووریا هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا دایە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا بەتەواوی لە منبج چوونەتە دەرەوە".
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بەمیدیاکانی راگەیاندووە، ئامانجی یەکەمی ئەمریکا وەستانی شەڕە لە سووریا لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە، دەشڵێت "وەستانی شەڕ لە باکووری رۆژهەڵای سووریا فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا و سزاکانی سەر تورکیا دەمێننەوە تاوەکو وڵاتەکە شەڕەکە دەوەستێنێت".
هێزەکانی ئەمریکا لە سەربازگەی خەراب ئەشک لە نزیک کۆبانێ نەکشاونەتەوە و هیچ هێزێکی سوپای تورکیاش نەچوونەتە نێو سەربازگەکە.
بڕیارە لەماوەی 24 کاژێری داهاتوو مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شاندەکەی بگەنە تورکیا بۆ جەختکردنەوە لەسەر وەستانی شەڕ و دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی باکووری سووریا.
سوپای سووریا چووەتە نێو شاری منبج و گرتە ڤیدیۆکان ئەو ساتە نیشاندەدەن کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سووریا و ئەمریکا بە تەنیشت یەکدا تێپەڕدەبن.
سبەی چوارشەممەش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەباری دۆخی سووریا بەڕێوەدەچێت.
