نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی پڕ لە رەخنە لەسەر هێرشەکەی تورکیا بڵاودەکاتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی پڕ لە رەخنە لەسەر هێرشەکەی تورکیا بڵاودەکاتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی پڕ رەخنە و نیگەرانی لەسەر هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و باسی کوشتنی سێ هاونیشتمانی کورد و هەڤرین خەلەفیش دەکات.

لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 15-10-2019) بڵاویکردووەتەوە، رەخنە لە هەموو ئەو هێرشانە گیراوە کە خەڵکی سڤیلیان کردووەتە ئامانج، جا چ لەلایەن هێزەکانی تورکیا، هێزەکانی سەر بەوان یان هێزە کوردییەکان ئەنجامدرابن.

راپۆرتەکە بە باسکردنی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە 13ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر کاروانێکی رۆژنامەڤانان لە تەل تەمر دەستپێدەکات، کە بەهۆیەوە 4 خەڵکی سڤیل کوژران، دووانیان بیانین. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەمەیان دژوارترینە لەوەتەی هێرشی تورکیا دەستیپێکردووە.

رۆبێرت کوڤێل، گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتەکەدا دەڵێ "نووسینگەکەمان دوو گرتەی ڤیدیۆیی تایبەتی بەدەستگەیشتووە کە بەشێوەیەکی فراوانیش لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە. ڤیدیۆکان چەکدارانی گرووپی ئەحرار شەرقیە نیشاندەدەن کە سەر بە تورکیان، لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانە چەکدارەکان خۆیان وێنەی خۆیان دەگرن کاتێک سێ دیلی کورد دەکوژن لەسەر رێگەی منبج حەسەکە، لەکاتێکدا تەنیا یەکێک لە دیلەکان جلوبەرگی سەربازیی لەبەردایە".

راپۆرتەکە بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت "لە هەمان رۆژدا راپۆرتی ئەوەمان بەدەستگەیشتووە کە ژنە سیاستەڤانێکی ناوداری کورد، بەناوی هەڤرین خەلەف لەسەر هەمان رێگە لەلایەن چەکدارانی ئەحرار شەرقیە کوژراوە".

نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە لەوەی "کەسانی سیڤیل، هەروەها هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی شەڕن وەکو ئەوانەی شەڕکەری دیلن دەبێت بپارێزرێن، لەژێر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییەکان، کوشتنی بەبێ دادگاییکردن و لەپڕ، پێشێلکاریی جیدین و لەوانەیە وەکو تاوانی جەنگ ئەژمار بکرێن، تورکیا لەوانەیە وەکو دەوڵەت بە بەرپرسیار ببینرێت لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی گرووپە چەکدارەکان کە پشتیوانییان لێدەکات، ئەنجامیدەدەن".
Top