بەهۆی رۆژئاواوە ئەمریکا سزا بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیادا دەسەپێنێت

 بەهۆی رۆژئاواوە ئەمریکا سزا بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیادا دەسەپێنێت


ئەمریکا بەهۆی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، سزا بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا دەسەپێنێت.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی فەرمانێکی واژۆ کردووە بۆ گوشارخستنە سەر تورکیا بۆ دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە هێرشەکەی.

ئەو فەرمانەی دۆناڵد ترەمپ واژۆی کردووە، دەسەڵات بە وەزارەتەکانی گەنجینە و دەرەوەی ئەمریکا دەدات گەمارۆ و سزا بخەنە سەر هەر کەس و لایەنێک، کە لەو هێرشەی سوپای تورکیا تێوەگلابێت.

هەروەک مایک پۆمپیۆ رایگەیاندووە، وەزارەتەکانی گەنجینە و دەرەوەی وڵاتەکەی لیستی سەپاندنی سزایان بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا ئامادە کردووە، کە هەردوو وەزیری وزە و بەرگریی تورکیاش لەناو لیستەکەدان.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هێرشەکانی تورکیا کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر شەڕی دژی تیرۆری رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئاسایشی هاووڵاتییانی و سەقامگیریی ناوچەکە.

مایک پۆمپیۆ هۆشداریی داوەتە تورکیا، کە ئەگەر تورکیا هێرشەکەی رانەگرێ، ئەوا تووشی سزای زیاتری ئەمریکا دەبێ.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.







باسنیوز
Top