سوپای پاسداران دەستبەسەرکردنی روحەڵڵا زەم رادەگەیێنێت
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزدا و بە پشتبەستن بە تاکتیکی فریودان، روحوڵڵا زەم، بەڕێوەبەری ماڵپەڕ و کەناڵی ئامەدنیوزیان دەستبەسەرکردووە و بردوویانەتەوە بۆ ئێران.
سوپای پاسداران روحوڵڵا زەم وەک یەکێک لە سەردەستە میدیاییەکان دەناسێنێت کە لەلایەن وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرا.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران ئاماژەی بە شوێن، کات و چۆنییەتی دەستبەسەرکردنی ئەو رۆژنامەڤانە نەدراوە.
روحوڵڵا زەم لەدایکبووی ساڵی 1973ی تارانە. ساڵی 2009 لەمیانەی ناڕەزایەتییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرا. دوای ئازادبوونی ئێرانی جێهێشت و لە پاریس نیشتەجێ بوو، ماڵپەڕ و کەناڵێکی تێلێگرامی بە ناوی ئامەدنیوز دامەزراند و بانگەشەی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکرد.
میدیای فەرمی ئێران ساڵی 2018 دۆکیۆمێنتارییەکی لەبارەی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران فێڵیان لێکردووە و زانیاری ساختە و ناڕاستیان لەڕێگەی ئەوەوە بڵاوکردووەتەوە.
