فەرەنسا و بەریتانیا هێزەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکشێننەوە
نزیکەی هەزار سەرباز و راوێژکاری سەربازیی فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و نزیکەی 200 سەربازیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
رۆژی یەکشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوپای وڵاتەکەی کۆبووەوە و باسی بارودۆخی هێزەکانیان لە ناوچەکەدا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، لە چەند کاژێری داهاتوودا ژمارەیەک رێکار دەگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی سەرباز و راوێژکارانی سەربازیی فەرەنسا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
دیپلۆماتێکی فەرەنسیش لەوبارەوە گوتی، هەمیشە ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی کەم هێزیان لە سووریادا هەیە، ناتوانن بمێننەوە، ئەگەر بێتو ئەمریکا بکشێتەوە.
میدیای بەریتانیاش بڵاویکردەوە، لەگەڵ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، بەریتانیاش ئامادەیە هێزە تایبەتییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکشێنێتەوە.
ئەم پێشهاتە نوێیە دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، واشنتن نزیکەی هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە "باکووری سووریا" دەکشێنێتەوە.
