قەیس سەعید لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس سەرکەوتنی بە دەست هێنا
هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی تونس ئەنجام درا و بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان، قەیس سەعید سەرکەوتنی بە دەست هێناوە.
لەو هەڵبژاردنەدا، کە رۆژی یەکشەممە 13-10-2019 ئەنجام درا، قەیس سەعید (61 ساڵ) و نەبیل قوڕەی (59 ساڵ)، رکابەریی یەکتریان بۆ بوون بە سەرۆکی تونس و دانیشتن لە کۆشکی قرتاج (کۆشکی سەرۆکایەتیی تونس)، دەکرد.
بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان، قەیس سەعید، یاساناس و کاندیدی سەربەخۆ توانیویەتی زیاتر لە %76ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس، کە رۆژی 15-9-2019 ئەنجام درا، نەبیل قوڕەوی و قەیس سەعید زۆرترین دەنگیان بەدەست هێنا، بەڵام هیچ کامێکیان نەیانتوانی %51ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن.
نەبیل قوڕەوی لە 23-8-2019 بەتۆمەتی خۆدزینەوە لە دانی باج و گەندەڵیکردن، دەستگیر کرا و شەوی 9-10-2019، ئازاد کرا.
دوای کۆچی دوایی باجی قاید سەبسی، سەرۆکی تونس، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاری دا رۆژی 15-9-2019 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە وڵاتەکەی ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو بارە لە ناکاوە نەهاتبوایە پێش، هەڵبژاردنەکە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ ئەنجام دەدرا.
تونس وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە باکووری کیشوەری ئەفریقیا. هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی لیبیا لە باشووری رۆژهەڵات و جەزائیر لە رۆژئاوا. ئەو وڵاتە سنوورێکی فراوانی لە رۆژهەڵاتەوە بە باکووری رۆژهەڵات تا دەگاتە باکوور و باکووری رۆژئاوا، کەوتووەتە سەر ئاوی دەریای ناوەڕاست.
باسنیوز
