بەرپرسێکی ئەمریکی: مەترسی پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی نزیک لە تورکیا هەیە
بنجامین هۆڵ، پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارە پەڕگیرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە لەگەڵ تورکیا بەرامبەر هەسەدە شەڕ دەکەن، بە جلوبەرگی هەسەدەوە خەڵکی سڤیل دەکوژن.
ئەمڕۆ، ماری ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە بە سوپای ئەو وڵاتە هەزار سەربازی خۆی لە باکووری سووریا بەرەو باشووری سووریا بکشێنێتەوە، دەشڵێت، هێزە کوردییەکان وا دیارە بە نیازی هێرشی پێچەوانە بن بە هاوکاری سوپای سووریا و رووسیا.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی گوت بارودۆخەکە بەو جۆرەیە کە "دەکرێت هێزە ئەمریکییەکان بکەونە نێوان دوو هێزی جیاوازەوە و ئەوەش بارودۆخێکی خراپە. هەربۆیە شەوی رابردوو لەگەڵ سەرۆک قسەمکرد، ئەوەش دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکیش فەرمانی پێکردم بۆئەوەی دەست بە کشانەوەیەکی بەمەبەستی هێزەکانمان لە باکووری سووریا بکەین".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش سەرەڕای ئەوەی جەختدەکاتەوە پشتگیری هیچ لایەک ناکەن لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام دەڵێت، لەگەڵ لیندزی گراهام و ئەندامانی دیکەی کۆنگرێس و دیموکراتەکان کار بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر تورکیادا دەکەن، بەڵام ئەو کارە پێویستی بە هەندێ رێوشوێنی یاسایی زیاتر هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆش کاروانێکی خەڵکی سڤیل کە لە تەلتەمرەوە بەرەو سەرێ کانی بەڕێگەوەبوون، لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکرا. پەیامنێری رووداو دەڵێت: ژمارەیەک لە سڤیلەکان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون کە لەنێویاندا چەند رۆژنامەڤانێک هەن.
