سەرۆکایەتیی تورکیا سەرکۆنەی بەیاننامەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب دەکات
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا سەرکۆنە (ئیدانە)ی بەیاننامەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب، دەکات.
رۆژی شەممە 12-10-2019 وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لەسەر داواکاریی میسر، لە کۆمکاری عەرەبی و بۆ هەڵوێست وەرگرتن لە دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کۆ بوونەوە.
وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بەیاننامەیەکیان دەرکرد، کە وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتی قەتەر و سۆماڵ، رەتیان کردەوە واژۆ لەسەر بەیاننامەکە بکەن، کە لە بەیاننامەکەدا، هێرشەکەیان بە ”داگیرکاری“ هەژمار کردووە و ژمارەیەک بڕیاریشیان لە دژی تورکیا دا.
فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ”بە توندترین شێوە“ بەکارهێنانی وشەی ”داگیرکاری“ بۆ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەکات.
پێشتر میسر و پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی (سعودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرێن و کوێت)، دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو هێرشەی سوپای تورکیا راگەیاندبوو.
دوای ئەو شەش وڵاتە، قەتەر لەسەر زاری خالید بن محەمەد ئەلعەتییە، وەزیری بەرگری پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنیوز
