وەزیرانی دەرەوەی عەرەب کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ رۆژئاوا ساز دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی عەرەب کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ رۆژئاوا ساز دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ساز دەکەن.

کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12-10-2019 لەسەر داوای میسر ساز دەکرێت و تێیدا تاوتوێی کاردانەوەی عەرەبی لە دژی ئەو هێرشەی سوپای تورکیا، دەکرێت.

حوسام زەکی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاندووە، ئەو هێرشەی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ”دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەتێکی عەرەبی و ئێمە قبوڵی ناکەین“.

پێشتر میسر و پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی (سعودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرێن و کوێت)، دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو هێرشەی سوپای تورکیا راگەیاندبوو.

دوای ئەو شەش وڵاتە، قەتەر لەسەر زاری خالید بن محەمەد ئەلعەتییە، وەزیری بەرگری پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، راگەیاند.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.











باسنيوز
Top