شەش وڵاتی ئەوروپی: دەبێت تورکیا ئۆپەراسیۆنە تاکلایەنەکەی بووەستێنێت

شەش وڵاتی ئەوروپی: دەبێت تورکیا ئۆپەراسیۆنە تاکلایەنەکەی بووەستێنێت
ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی کە بەشێکیان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین داوایان لە تورکیا کرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاکلایەنەکەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بووەستێنێت.

بەریتانیا و فەرەنسا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین لەگەڵ ئەڵمانیا، بەلجیکا، پۆڵەندا، ئیستۆنیا راگەێندراوێكی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە تورکیا کرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاکلایەنەکەی بۆ سەر باکووری سووریا بووەستێنێت.

لە راگەێندراوەکەیاندا، هەر شەش وڵات ئاشکرایانکرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاکلایەنەکەی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات و دەستکەوتەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەخاتەژێر مەترسی لەناوچوونەوە.

بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان بەبڕوای ئەو شەش وڵاتە دەبنەهۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەر و پەنابەران لە ناوچەکە و هەروەها بەربەست لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەو ناوچانەی سووریا کە پێویستیان پێیانە، دادەنێت.

شەش وڵاتە ئەوروپییەکە جەختدەکەنەوە لەوەی قەیرانی سووریا بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانی ئەو وڵاتە، ئەنجامدانی گفتگۆی سیاسی و پابەندبوونە بە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەگوێرەی رێککەوتنەکانی جنێڤ.
Top