ئەردۆغان بەهۆی رۆژئاوای کوردستانەوە هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات

ئەردۆغان بەهۆی رۆژئاوای کوردستانەوە هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات
سەرۆک کۆماری تورکیا بەهۆی رۆژئاوای کوردستانەوە، هەڕەشە لەوڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-10-2019، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەرگا بەڕووی پەنابەران بۆ پەڕینەوە بەڕووی وڵاتانی ئەوروپی، دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا تورکییەکان، رەجەب تەییب ئەردۆغان هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ئەوروپی، کە هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە ”داگیرکاری“ ناو نەبەن، ئەگینا تورکیا رێگا بۆ پەنابەرانی نایاسایی خۆش دەکات لە خاکەکەیەوە روو بکەنە ئەوروپا.

ساڵانە سەدان هەزار پەنابەری نایاسایی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، هەوڵ دەدەن بەناو خاکی. تورکیاوە، خۆیان بگەیەننە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا.

لە مانگی ئاداری 2016، تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنێکیان لەبارەی پەنابەرانەوە واژۆ کرد، کە بەهۆیەوە یەکێتییەکە هاوکاریی دارایی تورکیای دەکرد لەبەرامبەر رێگریکردنی تورکیا لە پەنابەرانی نایاسایی لە پەڕینەوە بۆ یۆنان و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لەژێر ناوی (کانیی ئاشتی)، دەستی پێ کرد.











باسنيوز
Top