سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانەکەی بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانەکەی بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، سەردانەکەی بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە.

لە هەواڵێکدا کە لە میدیای ئێران بڵاوبووەتەوە هاتووە، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بڕیاربوو سەردانی ئیستەنبووڵ بکات بەڵام بەهۆی هێرشی سەربازی تورکیا بۆ نێو "خاکی سووریا" سەردانەکەی هەڵوەشانووەتەوە.

هەروەها ئەکبەر رەنجبەرزادە، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "بەداخەوە هەنگاوەکەی ئەمدواییەی تورکیا دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە سووریا و ناوچەکە کە ئەگەری هەیە ببێتە ئاگرێکی ئەوەندە گەورە توانای کوژاندنەوەی نەبێت. هەڵبەتە لەو دۆخەدا زلهێزەکان دەستێوەردان دەکەن و دۆخەکە قەیراناویتر دەبێتەوە و بەرپرسیاریەتی لێکەوتەکانی لە ئەستۆی تورکیایە".

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران گوتی: "ئەوەی لە حکومەتی تورکیا چاوەڕواندەکرێت، بڕیارێکی عاقڵانەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و دووریکردنە لە دروستکردنی گرژی، تاوەکو نەبێتە هۆکاری هاتنی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-9-2019 بەبڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە سەرێکانیێ، قامشلۆ و ئاموودێیان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد.
Top