رووسیا داوای گفتوگۆ لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان دەکات

رووسیا داوای گفتوگۆ لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان دەکات
دیمیتری پۆلیانسکی جێگری نوێنەری رووسیا لە یوئێن لە توویتێکیدا رایگەیاند: "ئێمە باوەڕمان وایە گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی سووریا و کوردەکان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێکی ئاشتیانە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لەو وڵاتە. رووسیا پاڵپشتی لەم پرۆسەیە دەکات و کوردیش بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی سووریا".

هەسەدە رازیە لەگەڵ حکومەتی شام دانوستاندن بکات، نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بە سێرگی لاڤرۆڤی گوتووە رۆڵ ببینێ تاکو حکومەتی سووریا بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەر بۆ ئەوەی شەڕ هەموو ناوچەکە تێکنەدا.

وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە مۆسکۆ لەگەڵ ئەوەدایە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن و هانی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریاش دەدات بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچەکە، دەست بە گفتوگۆ بکەن.

لاڤرۆڤ پاش گەڕانەوەی بۆ رووسیا دووپاتی کردەوە کە لایەنی خێر دەبن بۆ دەستپیکردنی دانوستاندن لەنێوان هەردوولا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش پێشوازی لە قسەکانی لاڤرۆڤ کرد و ئامادەیی نیشاندا بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی رۆژی دووشەممەی رابردووی وەزیری دەرەوەی رووسیا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بابەتی رۆژئاوای کوردستان بوو.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی نیگەرانی خۆی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە و داوای لە مۆسکۆ کردووە رۆڵی ئاشتی لەو نێوەندەدا بگێڕێت.

دوای سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە نوورسوڵتانی پایتەختی کازاخستان لەبارەی ئەو بابەتە قسەیکرد و گوتی، لە سەردانەکەی رۆژی دووشەممەیدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەو بارودۆخە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هاتووەتە ئاراوە دەربڕیوە.

سێرگی لاڤرۆڤ گوتیشی، مۆسکۆ لەگەڵ ئەوەدایە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن و هانی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریاش دەدات بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچەکە دەست بە گفتوگۆ بکەن.

دوای دەستپێکردنی ئەو هەوڵانەش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق راگەیاند. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی کوردی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پێشوازی لە راگەیێندراوەکەی لاڤرۆڤ بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکات و چاومان لەوەیە رووسیا رۆڵی خۆی وەک پاڵپشتیکار و گەرەنتیکار بگێڕێت".

ئەم بارودۆخە نوێیە دوای ئەوە هات، رۆژی 6ی ئەم مانگە کۆشکی سپی راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "بەمنزیکانە تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ باکووری سووریا دەستپێدەکات". ئێوارەی ئەمڕۆش سەرۆککۆماری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند.
Top