بریتانیا بۆ تورکیا: دەبێت خۆت بەدوربگریت لە کردەوەی سەربازیی تاکلایەن لە سوریا
تەواو رون بوین لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بەوەی کە دەبێت خۆیان بەدوربگرن لە کردەوەی سەربازیی تاکلایەنە
ئاندرو مۆریسن، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی بریتانیا لەبارەی ئەگەری هێرشی سوپای تورکیا بۆ رۆژهەڵاتی فورات رایگەیاند، "ئێمە تەواو رون بوین لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بەوەی کە دەبێت خۆیان بەدوربگرن لە کردەوەی سەربازیی تاکلایەنە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی خراپکردنی ڕەوشی ناوچەکە و هەڕەشە دەبێت بۆ سەر هەوڵەکان بۆ شکست پێهێنانی کۆتایی داعش".
مۆریسن هاوکات لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە کە گوایە بریتانیا دڵخۆشە بە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "نازانم ئەو لێدوانە لەکوێوە هاتوە و دڵنیاشم لەوەی هیچ شتێکی لەو شێوەیە نەوتراوە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی بریتانیا هاوتا ئەمریکییەکەی".
بەمزوانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەکات
دوای ئەوەی شەوی یەکشەممەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا گفتوگۆیان کرد، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و رایگەیاند، "بەمزوانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەکات".
توركیا یەك هەنگاو بچێتە پێشەوە لە باكوری سوریا، لە كۆنگرێسەوە بە توندترین شێوە سزا دەدرێت
لیندسی گراهام، لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "توركیا یەك هەنگاو بچێتە پێشەوە لە باكوری سوریا، لە كۆنگرێسەوە بە توندترین شێوە سزا دەدرێت".
ئەم هۆشدارییەی سیناتۆرەكەی نزیك لە ترەمپ، دوای پەیامێكی سەرۆكی ئەمریكا دێت كە رایگەیاندبو، "ئێمە لەئێستادا سوریا بەجێدەهێڵین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کوردمان پەراوێزخستبێت، ئەوان جەنگاوەری ئازان و تێکۆشەرن".
هەر پەلامارێکی ناپێویست لەلایەن تورکیاوە کارەساتێکی گەورە دەبێت بۆ ئابوری ئەو وڵاتە
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەر پەلامارێکی ناپێویست لەلایەن تورکیاوە کارەساتێکی گەورە دەبێت بۆ ئابوری ئەو وڵاتە و زیانی زۆریش بە بەهای دراوەکەی دەگەیەنێت".
ترەمپ رونیکردوەتەوە، لەئێستادا یارمەتی دارایی و سەربازی پێشکەشی کورد دەکەن و بەردەوامدەبن لەهاوکاریکردنیان، ئەوان تەنها 50 سەربازیان لە سوریادا ماوە، ئەوەی کردویانە تەنها کشانەوەی ئەو سەربازانەیە.
خەندان
