وەزیری بەرگری فەڕەنسا: کشانەوەی ئەمریکا و هێرشی تورکیا، داعش بەهێز دەکەنەوە

وەزیری بەرگری فەڕەنسا: کشانەوەی ئەمریکا و هێرشی تورکیا، داعش بەهێز دەکەنەوە
وەزیری بەرگری فەڕەنسا رایگەیاند، لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکادا چاودێری باکوری سوریا و ئەگەری هێرشی تورکیا دەکەن بۆ سەر ئەو ناوچانە، چونکە ئەو کارە دەبێتە هۆی بەهێزبونی رێكخراوی داعش.

لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکادا چاودێری باکوری سوریا و ئەگەری هێرشی تورکیا دەکەین


فلۆرێنس پاڕلی، وەزیری بەرگری فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکادا چاودێری باکوری سوریا و ئەگەری هێرشی تورکیا دەکەن بۆ سەر ئەو ناوچانە، چونکە ئەو کارە دەبێتە هۆی بەهێزبونی رێكخراوی داعش.

دەبێت زۆر وریا بین چونکە لەم جۆرە جوڵانە کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوپەیماێتی دژ بە داعش ناگونجێن


ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت زۆر وریا بین چونکە لەم جۆرە جوڵانە کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوپەیماێتی دژ بە داعش ناگونجێن، لەوانەیە ببنە هۆی بەهێزبونی رێکخراوەکە لەجیاتی ئەوەی بێهێزی بکەن یاخود لەناوی ببەن".

بەمزوانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەکات


دوای ئەوەی شەوی یەکشەممەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا گفتوگۆیان کرد، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و رایگەیاند، "بەمزوانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەکات".

دوپاتیدەكەمەوە، ئەگەر توركیا هەر هەنگاوێك بەرەو دەرەوەی سنورەكانی خۆی بنێت، بە تەواوی ئابوری توركیا دەڕوخێنم


بەڵام شەوی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، "دوپاتیدەكەمەوە، ئەگەر توركیا هەر هەنگاوێك بەرەو دەرەوەی سنورەكانی خۆی بنێت، بە تەواوی ئابوری توركیا دەڕوخێنم كە پێشتریش ئەو كارەم ئەنجامداوە".





خەندان
Top