وەزارەتی بەرگری ئەمریکا: پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە باکووری سووریا ناکەین

 وەزارەتی بەرگری ئەمریکا: پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە باکووری سووریا ناکەین
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە باکووری سووریا ناکەن و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە ئەگەری دەرئەنجامی وێرانکارانە لە ناوچەکە و شوێنەکانی دیکەش بیری تورکیا دەهێننەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گفتووگۆکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هاوئاهەنگی و هاریکاری باشترین رێگەیە بۆ رەخساندنی ئاسایش.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ تورکیا وەستاندووە، بەڵام جەختدەکاتەوە کە ئاسمانی سووریایان بەڕووی تورکیادا دانەخستووە.

گوتەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دوای توویتەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت کە رایگەیاند "هەروەک چۆن پێشتریش گوتوومە و ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە، ئەگەر تورکیا کارێک بکات کە من بە ژیریی بێپایانی خۆم پێموابێت سنووری بەزاندووە، ئەو کاتە ئابوورییەکەی بە تەواوی وێراندەکەم و لەناویدەبەم".
Top