ترەمپ هۆشداری دەداتە تورکیا: لە سنوور دەربچن، ئابوورییەکەتان تێکدەشکێنم
دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا دەنووسێت، "هەروەک چۆن پێشتریش گوتوومە و ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە، ئەگەر تورکیا کارێک بکات کە من بە ژیریی بێپایانی خۆم پێموابێت سنووری بەزاندووە، ئەو کاتە ئابوورییەکەی بە تەواوی وێراندەکەم و لەناویدەبەم".
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی توویتەکەیدا رایگەیاند، "دەبێت تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش ئاگاداری چەکدارە داعشە دەستگیرکراوەکان و خانەوادەکانیان بن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لەوە کاریکردووە کە هەرکەس پێشبینیکردبێت، لەوانەش کۆنترۆڵکردنەوەی 100%ـی خەلافەتەکەی داعش. ئێستا کاتی ئەوەیە کە وڵاتانی دیکەش لە ناوچەکە، لەوانەش دەوڵەمەندەکان، سنووری خۆیان بپارێزن".
ئێوارەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە ژمارەیەک توویتدا هەڵوێستێکی جیاوازی لەم هەڵوێستەی دەربڕی و رایگەیاند، ئێمە لەو شەڕە بێمانا و بێکۆتاییە دێینە دەرەوە. کوردیش بەبێ بەرامبەر شەڕی نەکردووە، دنیایەک پارە و چەکمان پێداون.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، کە شەوی رابردوو یەکشەممە 6-10-2019 ئەنجامدرا، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێدەکات.
راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدابوو، هێزەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن.
ئەو راگەیێندراوەی کۆشکی سپی و دواتریش چەند توویتێکی دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتان و سیاسەتڤانانی لێکەوتەوە.
