ئێران و رووسیا و رژێمی سووریا مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش ساز دەکەن

ئێران و رووسیا و رژێمی سووریا مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش ساز دەکەن
هەرسێ وڵاتی ئێران، رووسیا و رژێمی سووریا مانۆڕێکی سەربازی لەسەر خاکی سووریا، ساز دەکەن.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی رژێمی سووریا، مانۆڕە سەربازییەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 1-10-2019، لە رۆژئاوای پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی ووریا، دەستی پێ کردووە.

مانۆڕەکە بە بەشداریی هێزەکانی رووسیا، سوپای رژێمی سووریا و میلیشیا و هیزەکانی سەر بە ئێران ئەنجام دەدرێت.

لە مانۆڕەکەدا، جگە لە مەشقی زەمینی، فڕۆکە و مووشەکیش تاقی دەکرێنەوە.

ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، بە ناردنی چەک و میلیشیای شیعەمەزهەب، پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکات.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2015، سوپای رووسیا رایگەیاند، کە بەشداریی شەڕی ناوخۆیی سووریا دەکەن و بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆردومان دەکەن، بەڵام گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان رایدەگەیەنن، کە رووسیا بنکە و بارەگاکانی نەیارانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ناوخۆ ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریشیان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەری سووریا و جیھان بردووە، جگە لە کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.












باسنيوز
Top