عێراق هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان سعودیە و ئێران دەدات

عێراق هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان سعودیە و ئێران دەدات
هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ لە سعودیە پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێرانی ئاڵۆزترکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش هۆشداری لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دەدات.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 30-9-2019 لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، "ئەگەر هەیە هەر ساتێک بە بڕیارێکی تاکەکەسی بەرەو جەنگ بڕۆین و دەرچوون لەو جەنگەش ئەستەم و قورس دەبێت، بۆیە پێویستە تارمایی جەنگ لە ناوچەکە دووربخرێتەوە و هەمووانیش باسی دانوستاندن بۆ چارەکردنی قەیرانەکە دەکەن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە، زۆربەی ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە هیچکەس جگە لە ئیسرائیل جەنگی لە ناوچەکەدا ناوێت و دەڵێت: "زۆر وڵات هەن لە ناوچەکە دەکرێت ببنە شوێنێ چارە و دانووستاندن و بەغداش یەکێکە لەو شوێنانە، هاوکات وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانی کەنداوەوە باس لە دانوستاندن دەکەن و ئێران و سعودیەش ئامادەن بۆ دانووستاندن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشیکرد؛ لێکۆڵینەوەکان لە بە ئامانجکردنی چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی ئاماژە دەکەن، ئیسرائیل ئەو کارەی کردووە.

لە چەند مانگی رابردوودا چەند جبەخانە و پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە عێراق سووتان و بۆردوومانکران، دوابەدوای ئەو رووداوانە ئەبومەهدی موهەندس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە بۆسەر حەشد تۆمەتبارکرد.
Top