یان یامبۆن دەبێتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا

یان یامبۆن دەبێتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا
هەر سێ پارتی هەرێمی فلاندەرز: هاوپەیمانیی فلاندەرزی نوێ، دیموکرات و لیبراڵە فلاندەرزییە کراوەکان و کریستیان دیموکراتەکان، دوای کۆبوونەوەیەکی 21 کاژێری کە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا رێککەوتن و یان یامبۆن ـیان وەکو سەرۆکوەزیران دیاریکرد.

یان یامبۆن کە لە پارتی "هاوپەیمانیی فلاندەرزی نوێ"ـە و دەبێتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکەی بەلجیکا، لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، "پاکێجێکی زۆر باشیان بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی فلاندەرز" هەیە.

یان یامبۆن کەسایەتییەکی ناسراوی سیاسی بەلجیکایە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پۆستی گرنگی هەبووە. یامبۆن ساڵی 2007 ئەندامی پەرلەمانی بەلجیکا بووە، ساڵی 2013 بووەتە سەرۆک شارەوانی براسخات و ساڵی 2014ـەش بووەتە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری ناوخۆ و ئاسایشی حکومەتی فیدراڵیی بەلجیکا.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یامبۆن پێشتریش بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و بە هەرێمی کوردستان ئاشنایە.

ئاژگەیی رایگەیاند، هەرچەندە هەر ئێستاش پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی فلاندەرزدا هەیە، بەڵام چاوەڕێدەکرێت دەستبەکاربوونی یامبۆن وەک سەرۆکوەزیران ببێتەهۆی باشتربوونی ئەو پەیوەندییانە و بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی بەلجیکاش.
Top