سوپای پاسداران: 500 بنکەی سەربازیمان لە سنوورەکان دروست کردووە
فەرماندەیەکی سوپای پاسداران ئاشکرای دەکات لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠ شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەگەڵ حزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان و بەلووچستاندا ڕوویان داوە.
لەمبارەوە "محەمەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزە زەویینییەکانی سوپای پاسداران لە وتووژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "فارس"ی سەر بە سوپای پاسداران ڕای گەیاندووە کە دژکردەوەی ئەوان لە بەرانبەر هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، لە بەرگرییەوە دەگۆڕدرێت بۆ هێرشبەرانە.
فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سوپای پاسداران لەو وتووێژەدا وتوویەتی کە لە ماوەی ساڵی ٩٨ی هەتاوی (لە مانگی ئادارەوە هەتا کۆتایی مانگی ئەیلوول) لە ناوچە سنورییەکانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلووچستان، نزیکەی ٥٠٠ بنکەی سەربازیی جۆراوجۆریان دروست کردووە.
محەمەد پاکپوور، ئاماژەی بە شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەگەڵ پێشمەرگەکانی (حدکا) لە گوندەکانی "قەرەسەقەلی شاری شنۆ، سەوڵاوا، کرماشان، جوانڕۆ، چاڵدێران و ماکۆ"، لە دوو ساڵی رابردوو و سێ دەیەی ڕابروودا کرد کە لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون و بریندار بوون".
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران باسی لە مووشکبارانکردنی بنکەکانی حزبی دیموکرات لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت: "زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە، یان بریندار بوون".
ئەمە لە کاتێکدایە لە کاتێکدا لەو هێرشەدا ١٦ ئەندام و پێشمەرگەی هەردوو باڵی دیموکرات شەهید بوون.
بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەم ٢٤ حاڵەتی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان حزبە دژبەرکانی ئێران و سوپای پاسداران ڕوویان داوە کە تێیدا ١٧ چەکداری سوپای پاسداران کوژراون و ٢٤ کەسیش بریندار بوون و لە بەرانبەردا ١٥ پێشمەرگە و گریلای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو شەڕانەدا شەهید بوون و دوو گریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەدیل گیراون.
لە ساڵی ٢٠١٦ و پاش ئەوەی کە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، چالاکیی خۆیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاد کرد، شەڕ و تێکەڵچوون لە نیوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی سپای پاسداران زۆرتر بووەتەوە.
باسنیوز
