ترەمپ: وڵاتەکەمان لە مەترسییەکدایە کە پێشر روبەڕوی نەبوەتەوە

ترەمپ: وڵاتەکەمان لە مەترسییەکدایە کە پێشر روبەڕوی نەبوەتەوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە دیموکراتەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە پێشینەی ئەو بە پاساوی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسییەک لەسەر وڵاتەکەیان کە پێشتر نمونەی لەوجۆرە تیایدا روینەداوە.

لێکۆڵینەوە لە پێشینەی ئەو بە پاساوی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسیی لەسەر وڵاتەکەمان


بەپێی تۆڕی هەواڵی سکای نیوز، لە ناوەندی ئەو هێرشانەی کە رۆژانە بە بەردەوامی دۆناڵد ترەمپ لە دژی دیموکراتەکان ئەنجامیدەدات، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر هۆشداریداوە بە دیموکراتەکان و نوسیویەتی، "لێکۆڵینەوە لە پێشینەی ئەو بە پاساوی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسییەک لەسەر وڵاتەکەمان کە پێشتر نمونەی لەوجۆرە تێیدا روینەداوە".

دیموکراتەکان ناوەڕاستەی هەفتەی رابردو، یەکەم هەنگاوی لێکۆڵینەوەکەیان بە سەرۆکایەتی نانسی پێلوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجامدا، بۆ لێکۆڵینەوە لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەی دۆناڵد ترەمپ، کە لە 25-ی تەموزدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەیدا ئەنجامیدابو.

دیموکراتەکان ترەمپ تۆمەتبار دەکەن بەوەی فشاریکردوەتە سەر هاوتا ئۆکرانییەکەی بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە جۆ بایدن


دیموکراتەکان ترەمپ تۆمەتبار دەکەن بەوەی فشاریکردوەتە سەر هاوتا ئۆکرانییەکەی بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و رکابەری هەرە بەهێزی ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی داهاتوی ئەمریکادا.

نانسی پێلوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ ناوزڕاندنی رکابەرەکەی، بەم کارە ئاسایشی نیشتیمانی و پاکڕاگرتنی هەڵبژاردنەکانی کردوەتە مەترسیەوە.

ئەوان دەیانەوێت چەکەکانتان ببەن، دەیانەوێت چەواشەتان بکەن، دەیانەوێت دەنگەکان و ئازادیەکانتان ببەن


هاوکات دوناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا لەکۆشکی سپی دیموکراتەکانی وڵاتەکەی سەرزەنەشتکرد و وتی، ئەوان دەیانەوێت چەکەکانتان ببەن، دەیانەوێت چەواشەتان بکەن، دەیانەوێت دەنگەکان و ئازادیەکانتان ببەن.

من هەرگیز رێگە بەم کارە نادەم، لەبەر ئەوەی بەم کارە وڵاتەکەمان لە مەترسیەکدایە، کە پێشتر کاری لەو جۆرە تیایدا روینەداوە


ترەمپ ئەوەشی خستەڕو، "من هەرگیز رێگە بەم کارە نادەم، لەبەر ئەوەی بەم کارە وڵاتەکەمان لە مەترسیەکدایە، کە پێشتر کاری لەو جۆرە تیایدا روینەداوە، دیموکراتەکان دەیانەوێت من بوەستێنن لەبەر ئەوەی هەوڵەکانم لەپێناوی ئێوەدایە، بۆیە ناهێڵم ئەم کارەیان بۆ بچێتە سەر".

لەبەرامبەردا دیمەکراتەکان دەڵێن، هەمو بەڵگەکانی لێکۆڵینەوەکە رون و ئاشکرایە، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی ترەمپ لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەیدا، بە رونی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەردەکەوێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ئەم کارەی پەردەپۆش بکات.




خەندان
Top