بەرپرسێکی ئەمریکی لەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ترەمپ دەستلەکاردەکێشێتەوە

بەرپرسێکی ئەمریکی لەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ترەمپ دەستلەکاردەکێشێتەوە
بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئاشکرابوونی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا دەستیلەکارکێشایەوە و رەتیشیکردەوە هۆکارەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرابکات.

کەسێکی ئاگادار لە بابەتەکە بە میدیاکانی راگەیاندووە، دەستلەکارکێشانەوەی کۆرت ڤۆلکەر پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا لەگەڵ ئۆکرایناوە هەبووە.

ئەمە دەستلەکارکێشانەوەی یەکەمە لەوەتەی ترەمپ لەسەری ئاشکرابووە کە گوشاری خستووەتە سەر سەرۆکی ئۆکراینا بۆ ئەوەی دۆسەیەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی جۆ بایدنی، بەربژێری دیموکراتەکان بکاتەوە.

داوا لە کۆرت ڤۆلکەر، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئۆکرانیا کرابوو، وەڵامی هەندێک پرسیار لەبارەی لێپێچینەوە لە ترەمپ لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بداتەوە.

کەسێک لەنێو ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ناوەڕۆکی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای ئاشکراکردووە، دەردەکەوێت ترەمپ داوا لە سەرۆکی ئۆکراینا دەکات کارێکی بۆ بکات، کارەکەش بریتییە لە کردنەوەی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لە جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان.

رۆژ دوای رۆژ ئەم کەیسە بەسەر ترەمپ گەورەتر دەکرێت و مەترسی لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دروستبووە.


کۆرت ڤۆلکەر

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئۆکراینا
لە 2017ـەوە دەستبەکارە
لە 27ی ئۆکتۆبەر دەستیلەکارکێشایەوە
لە 2008 تا 2009 نێردەی ئەمریکابوو لە ناتۆ
لە ئاژانسی ناوەندی ئەمریکی کاریکردووە
لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوو پۆستی وەرگرتووە
Top