وەزیری دەرەوەی عێراق: بە ئەمریکا و ئێرانمان گوتووە ئامادەین نێوەندگیریی بکەین
محەممەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەبارەی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەوڵەکانی بەغدا لەوبارەوە راگەیاند: "لەراستیدا ئاستەنگ نین، ئێمە بەڕوونی بەهەردوولامان گووت ئەگەر دەتانەوێ بێینە سەرخەت و نێوەندگیری بكەین ئێمە ئامادەین، بەڵام تاوەكو ئێستا داوامان لێنەكراوە، ئێمە وەكو عێراقی، سەقامگیری عێراقمان دەوێ، لەڕووی جوگرافییەوە عێراق دەکەوێتە ناوەڕاستی ناوچەکە، لەگەڵ ئێران و لەگەڵ وڵاتانی كەنداو ئێمە شەڕێكی نوێمان ناوێ لەناوچەكە".
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق گوتی: "هاوكاری نێودەوڵەتی هێشتا بەردەوامە لەرێگەی هێزی هاوپەیمانان، پشتگیری ماددیش بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە، بەشێكیان رەوانەی بەشی ئاوەدانكردنەوە كراوە و بەشێكیشی بۆ پشتگیری هەواڵگری تەرخانكراوە كە زۆر گرینگە، داعش لە عێراق زۆر لاوازبووە شانەی نووستووی هەیە، لەناوبردنی ئەو شانانەش پێویستی بە هەوڵی هەواڵگری هەیە زیاتر لە هەوڵی سەربازی، چونكە شانەكانیان بچووكن و دەكرێت لەو بوارەوە هاوكاری هەبێت".
